منداڵی خەڵکی شنۆ سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکان ڕاگیراوە
منداڵی خەڵکی شنۆ سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکان ڕاگیراوە

منداڵی خەڵکی شنۆ سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکان ڕاگیراوە

Jan 10 2023

منداڵێکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی ئیحسان محەممەدی و تەمەن ١۶ ساڵ، زیاتر لە ٩٠ ڕۆژە لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە ڕاگیراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەی نیگەرانی بارودۆخی تەندروستیی ئەو منداڵە بن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئیحسان محەممەدی، تەمەن ١۶ ساڵ و خەڵکی گەڕەکەی "میراوا"ی سەر بە شاری شنۆ، زیاتر لە سێ مانگە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و لە ناوەندە حکوومەتییەکاندا لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

ئەو منداڵە لە ماوەی تێپەڕکردنی دەستبەسەربوون، لێکۆڵینەوە و ڕاگیرانی لە ناوەندە حکوومەتییەکان، لە مافی سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری و بێبەش کراوە.

ئیحسان محەممەدی، ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە وێڕای تێپەڕکردنی ماوەیەکی دوورودرێژی دەستبەسەربوون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە ناوەندە حکوومەتییەکان، لە کۆتاییدا بۆ بەندیخانەی حکوومەت لە شاری ئورمیە گواستراوەتەوە و هێشتا دۆسیەکەی یەکلایی نەبووەتەوە.

210