سزای بەندکردن بەسەر چوار هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد سەپا
دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد سزای ١٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەر چوار کەس بە ناوەکانی سەید محەممەد شوکری، ئەمیر عەبدوڵڵازادە، عەلی حەکیمی و سامان غەزالی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاند.
بەپێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامەوانی ؛ لقی ١ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو"، لە داینشتنێکی چەند خولەکیدا سزای ٤ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانی بە سەر هەر یەک لە سەید محەممەد شوکری ئەمیر عەبدوڵڵازادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەپاند.
هەروەها ئەو دادگایە سزای ٣ ساڵ و چوار مانگ بەندکردنی بەسەر عەلی حەکیمی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە هەنووکەش لە بەندیخانەدایە، سەپاند.
لەو پەیوەندییەدا، سامان غەزالی، ڕۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن ئەو دادگایەوە ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاند و هەروەها بۆ ماوەی ساڵێکە کاری ڕۆژنامەنووسی بێبەش کراوە.
سەید محەممەد شوکری، ئەمیر عەبدوڵڵازادە و عەلی حەکیمی، لە ناوەڕاستی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ و لە ڕاپەڕین و بەرخۆدانی شاری مەهاباد و لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەستبەسەر کراون.
بڕیاری ئەو دادگایە لەسەر سزای سێ هاووڵاتییە، هەروەها بڕیاری سزای دەستبەسەرکراوانی دیکەی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی شۆڕشی ژینا لە کاتێکدایە کە لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراون.
م. هەنگاو
280
