٢٠ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ مێژوویەکی پڕ لە شانازی تۆمار کرا

٢٠ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ مێژوویەکی پڕ لە شانازی تۆمار کرا

Oct 20 2018

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە، له‌ ڕاگه‌یێندراوێكدا، ٢٠ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ به‌ وەرچەرخانێکی گەورە لە خەباتی گه‌لی كورد وه‌سف ده‌كات ده‌ڵێ، لەو ڕۆژەدا مێژوویەکی پڕ لە شانازی تۆمار کرا. هاوكات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان ئەو ڕۆژە مێژووییە بە ڕۆژێکی پڕشنگداری پێشمەرگە و کوردستان دەزانێت و یادی بەرز دەنرخێنێت.

ده‌قی ڕاگەیێندراوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە

جەماوەری خۆڕاگر و ئازادیخوازی کوردستان

خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە قارەمانەکانی نەتەوە و نیشتمان

لە ڕۆژێکی وەک ئیمڕۆ لە ٢٠ـی ١٠ـی ٢٠١٧ـدا گەلی کوردستان لە داستانێکی مەزنی پڕ لە قارەمانیدا بەرەنگاری هێرش و پیلانی ناحەزانی ناوەوە و دەرەوە بووەوە. ئەو پیلانە لە خیانەتە گەورەکەی ١٦ـی ئۆکتۆبەر دەستی پێکردبوو کە پشتی پێشمەرگەیان بەردا و کەرکووکی دڵی کوردستانیان بە نرخێکی هەرزان فرۆشت. ئەو خیانەتە وایکرد نەیارانی گەلەکەمان، هەرێمی کوردستان بە پاروویەکی ئاسان بزانن و ویستیان داگیری بکەن. بۆیە ڕوویان کردە هەولێری پایتەخت، بەڵام لە بەرگرییە پڕ لە قارەمانیەکەی پردێدا پێشمەرگە پەلامارەکەی نەیار و داگیرکارانی تێکشکاند و مەبەستی گڵاوی ئەوانی لەگۆڕنا.

بە هەمان شێوەش لە سحێلای بەرخودان و مەردایەتی و لە مەخموور و بەرەکانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە، پێشمەرگە پشت بە خودا و خۆڕاگر و نیشتمانپەروەرانی گەل، پیلانی نەیارانی بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان تێکشکاند و کوردستان بە سەربەرزی مایەوە.

ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەرانی کوردستان

٢٠ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە خەباتی میللەتەکەماندا و لەو ڕۆژەدا مێژوویەکی پڕ لە شانازی تۆمار کرا. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان ئەو ڕۆژە مێژووییە بە ڕۆژێکی پڕشنگداری پێشمەرگە و کوردستان دەزانێت و یادی بەرز دەنرخێنێت.

ئەو سەرکەوتنەی پێشمەرگە بۆ هەموو لایکی سەلماند کە گەلی کوردستان خاوەن دۆزێکی ڕەوایە و ئامادەیە هەتا دوایین دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاک و کەرامەتی نیشتمان بکات. ئەو سەرکەوتنە مەزنە بە خوێنی ئاڵی دەیان شەهید هاتە ئاراوە. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و سوپاس و پێزانین بۆ ئەو پێشمەرگە و فەرماندە قارەمانانە کە ڕۆڵیان هەبووە لە تۆمار کردنی ئەو سەرکەوتنە مەزنە کە تا هەتایە لە بیرەوەری میللەتەکەماندا دەمێنێتەوە و بە بەرزی یاد دەکرێتەوە.

هەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان

فەرماندەیی ژووری ئوپەراسیۆنەکانی پێشمەرگەی کوردستان

20ـی 10ـی 2018

1145